ئێران و عومان لەسەر تەنگەی هورمز ڕێکدەکەون و ئەمریکاش هەڕەشە دەکات

تاران و مەسقەت لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ دیاریکردنی تێچووی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان لە تەنگەی هورمز پێکهێنا، ئەم هەنگاوەش کاردانەوەی توندی واشنتنی لێکەوتەوە و هۆشداریی سزای قورسی بەدوای خۆیدا هێنا.

حکومەتی ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی وەرگرتنی “باج یان سەرانە” نییە، بەڵکو تەنیا وەک تێچووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە و بڕیارە دوای مۆڵەتێکی 60 ڕۆژی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی داوەتە وڵاتی عومان و وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر مەسقەت هاوکاریی تاران بکات، ڕووبەڕووی سزای ئابووریی قورس دەبێتەوە.

وێڕای ئەم گوشارانە، وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان دەبێت لەو ڕێڕەوەدا.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە تەنگەی هورمز بە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی جیهان دادەنرێت و زیاتر لە 20%ی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە چاودێرانی سیاسی ئەم هەوڵە نوێیەی ئێران وەک ستراتیژێک بۆ “سەپاندنی دۆخی نوێ” لە ناوچەکەدا و کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە لێکدەدەنەوە.