سووریا ڕازی نییە شەڕڤانی ژن لە نێو سوپا هەبێت

ڕۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن(YPJ)  لە لێدوانێکیدا بۆ پەیمانگەی ئاشتیی کوردی ڕایگەیاند، دیمەشق لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکاندا، ژنان فەرامۆش دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026 ڕۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن ڕایگەیاند: ” حکومەتی کاتی تەنیا ئامادەیە ژنان لە کەرتی ئاسایشی ناوخۆ وەزارەتی ناوخۆدا قبووڵ بکات، بەڵام دژ بە بەشداریکردنیانە لە کەرتی سەربازی و سوپادا.”

ڕۆهەڵات عەفرین، دەشڵێت: “لە سەدەی بیست و یەکدا، لە هەر هێزێکی چەکدار یان دامەزراوەیەکدا کە ژنانی لێ دووربخرێتەوە، پێشێلکاریی توندی مافەکانی ژنان و بەها کۆمەڵایەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.”

لە لایەکی دیکەوە، ڕوکسەن محەمەد، گوتەبێژی یەپەژە جەخت دەکاتەوە کە بەشداریکردنی ژنان لە هێزە چەکدارەکاندا یارمەتیدەر بووە بۆ چەسپاندنی یەکسانی لە ژیانی مەدەنیشدا، و دوورخستنەوەیان دەبێتە هۆی پەراوێزخستنیان لە کایەکانی دیکەشدا.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەگوێرەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی، بڕیارە چوار لیوای سەربازی بۆ هێزەکانی پێشووی هەسەدە دروستبکرێت.