ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە جێگیرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی وەزارەتێکی هاوبەشدا دەکەن و گوتی: “هێزی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکە ناخرێنە ناو وەزارەتێکی هاوبەش.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: “کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پرسێکی ناوخۆیی و ڕێکخستنەوەی عێراقە و دوورە لە هەر سەپاندنێکی دەرەکی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی قەوارەی وڵات و حەشدی شەعبی.”
قاسم ئەعرەجی، باسی لەوەش کرد، کە هێزی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکە ناخرێنە ناو وەزارەتێکی هاوبەش و ئەو دەنگۆیانە دوورە لە ڕاستییەوە.
ئەم لێدوانەی قاسم ئەعرەجی، دوای ئەو دەنگۆیانە دێن کە باس لەوەدەکرا هێزی پێشمەرگە تێکەڵ بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێت لە ژێر یەک وەزارەتی هاوبەش.