پارەیەکی زۆر لە ژێر جێگەی نوستنی خزمی بەرپرسێک دۆزرایەوە

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خزمەکی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق و پارەیەکی یەکجار زۆر لە ژێر تەختەکەی دەدۆزنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026 دۆسیەی دەستگیرکردنی “عەدنان جومەیل”ی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق کە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا، گەورەتر بوو. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە ساتەوەختی دۆزینەوەی بڕێکی یەکجار زۆر پارەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

ئەم پارەیە لەژێر تەختی نوستنی یەکێک لە خزمە نزیکەکانی جومەیلیدا شاردرابووە و لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە دادگای عێراق پێشتر رێکاری توندی بەرامبەر سامانەکەی گرتووەتەبەر و دەستی بەسەر 10 ملیۆن دۆلاری نەختینە، 40 موڵکی جیاواز و سەدان پارچە کەلوپەلی بەهاداردا گرتووە کە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرابوونەوە.