کامیار دێرانەیی
بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی گرانیی نرخی سووتەمەنیدا وەستاونەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر گەیشتە ١,١٠٠ دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لە نێوان ٩٠٠ بۆ ٩٥٠ دیناردا بوو.
ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخەکان، تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی یان شکستێکی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستاندا نییە؛ بەڵکو بەپێی گوتەی بەرپرسان و شارەزایانی ئابووری، ئەمە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی قەیرانێکی گشتیی سووتەمەنییە لە تەواوی عێراقدا. قەیرانێک کە هۆکارەکەی بۆ کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان لەبەر هۆکاری ئەمنی و نەبوونی توانای پێویستی پاڵاوگەکان دەگەڕێتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ.
ڕۆژی شەممە، ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە نرخەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان لە پێنج ساڵی ڕابردوودا: (نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە ١,١٠٠ دینار، لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان ٩٠٠ بۆ ٩٥٠ دیناردا بوو. زیاتر لە پێنج ساڵە بەنزینی نۆرماڵ ئەم نرخەی بەخۆیەوە نەدیوە).
ئاماژەی بەوەش کرد کە نرخی بەنزینی سۆپەر گەیشتووەتە ١,٥٠٠ دینار و موحەسەنیش بە ١,٤٠٠ دینار دەفرۆشرێت، پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخەکان زیاتریش بەرز ببنەوە.
دۆخەکە لە دهۆکیش جیاوازی نییە؛ بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک ڕایگەیاند کە نرخی بەنزینی نۆرماڵ بووەتە ١,٠٥٠ دینار، سۆپەر لە نێوان ١,٤٠٠ بۆ ١,٤٥٠ دیناردایە و موحەسەنیش بە ١,٣٠٠ دینارە، لە کاتێکدا پێشتر نۆرماڵ تەنها ٩٥٠ دینار بوو. لەم نێوەندەدا تەنها سلێمانی تا ڕادەیەک جێگیرە؛ بە جۆرێک نۆرماڵ بە ٩٥٠، سۆپەر بە ١,٢٥٠ و موحەسەن بە ١,١٥٠ دینارە. بەڵام بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی هۆشداری دا کە پێشبینی دەکرێت لەوێش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخەکان ڕوو لە هەڵکشان بکەن.
بەرپرسانی کەرتی نەوت کۆکن لەسەر ئەوەی هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانییە، کەمبوونەوەی توندی خستنەڕووی بەنزینە لە تەواوی عێراقدا.
کێشەکە ئەوەیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەنزین لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا کەم بووەتەوە. ئەمەش وای کردووە بازرگانان بێن لە هەرێمی کوردستانەوە بەنزین بە نرخی بەرزتر بکڕن و بیبەن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بیفرۆشنەوە ئەم هاوکێشەیە واتە گواستنەوەی سووتەمەنی لە هەرێمەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ پڕکردنەوەی کەمییەکەی ئەوێ، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی پێویست لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
لە پشت کەمبوونەوەی غازی و سووتەمەنی لەسەر ئاستی نیشتمانی، کێشەیەکی قووڵتر هەیە. بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەی ئەم قەیرانە، کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی بووە کە سەرپەرشتیی پەرەپێدانی چەند پاڵاوگەیەکی لە باشووری عێراق دەکرد. کۆمپانیایەکە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کارەکانی ڕاگرتووە. وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەم کشانەوەیە بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی ڕۆژانە کە بڕەکەی دەگاتە ٤ بۆ ٥ ملیۆن لیتر بەنزین، ئەمەش هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕووی لە بازاڕەکانی وڵاتدا تێکداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ڕایگەیاند: (ناسەقامگیری و کشانەوەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا، کەلێنێکی گەورەی ڕۆژانەی دروست کردووە، ئەمەش نرخەکانی لە هەموو بازاڕەکاندا بەرەو سەرەوە پاڵ پێوە ناوە).
وەک چارەسەرێکی بەپەلە، موئەیەد دێلمی، وتەبێژی فەرمیی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق ئێستا پەنای بردووەتە بەر هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەن لە دەوڵەتی ئیمارات و کوێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی لە چەندین پارێزگادا دروست بووە. گەرچی ئەم هەنگاوە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی دۆخەکە هێمن بکاتەوە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات: عێراق سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی سستی و پەرەنەسەندنی ژێرخانی پاڵاوگەکانی، هێشتا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی ناوخۆیی پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت.
بۆ گەڕانەوەی نرخی بەنزین بۆ ئاستێکی گونجاو کە لە توانای هاووڵاتیاندا بێت، پێویستە چەند هەنگاوێکی بنەڕەتی بنرێت:
- دابینکردنی تەناهی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان: کێشەی سەرەکیی کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان لە باشوور، ترسی ئەمنی بوو. حکومەتی فیدراڵ دەبێت ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران دابین بکات؛ چونکە بەبێ دڵنیایی ئەمنی، هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە لە پڕۆژە درێژخایەنەکانی پاڵاوتنی نەوتدا کار بکات.
- زیادکردنی پشکی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆیییەکان: عێراق ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بەڵام توانای پاڵاوتنی کەمە. چارەسەرەکە ئەوەیە بڕێکی زیاتر لە نەوتی خاو بدرێتە پاڵاوگە ناوخۆیییەکان بۆ ئەوەی بەنزینی لێ بەرهەم بهێنرێت و پشتبەستن بە دەرەوە کەم ببێتەوە.
- تەواوکردنی پڕۆژە پەککەوتووەکانی پاڵاوگەکان: لە هەرێم و عێراقدا چەندین پڕۆژەی پاڵاوگە هەن کە نیوەچڵن یان کارەکانیان ڕاگیراوە. گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەم پڕۆژانە دەتوانێت ملیۆنان لیتر بەنزینی ڕۆژانە بخاتە سەر بازاڕ.
- ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نایاسایی بۆ دەرەوەی هەرێم: پێویستە میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی سووتەمەنی، تا ڕێگە نەدرێت بەنزینی پشکی ناوخۆی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوچەکانی دیکە ببرێت.
- هاوردەکردنی کاتی وەک پردێکی پەڕینەوە: تا ئەو کاتەی پاڵاوگە ناوخۆیییەکان گەشە دەکەن، بەردەوامبوونی هاوردەکردنی بەنزین لە کوێت و ئیماراتەوە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی زیاتر، پێویستە.
پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن کە بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی بەنزین، پەیوەندیی بە سیاسەتی ناوخۆیی کەرتی وزەی هەرێمەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کێشە کەڵەکەبووەکانی تەواوی عێراقە: دەیان ساڵ پشتگوێخستنی کەرتی پاڵاوتن، ژینگەیەکی ئەمنی لێڵ کە کۆمپانیا بیانییەکان دەترسێنێت، و ناهاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕوو کە ئێستا کاریگەرییەکەی لە بەسرەوە تا دوهۆک درێژ بووەتەوە.