وەزارەتی دارایی، لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لەلایەن عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، هەروەها عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکانی داهاتی ناوخۆ، کارەبا و هاتووچۆ کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان چوار سەد ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات. جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم چوار سەد ملیارەت لەکوێ هێناوە؟
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە 140 ملیار دینارە ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت 40 ملیار دینار بێت، داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەكات چییە؟!.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت: “لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توند لەسەر هەرێم داندراوە.”
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، عەلی حەمە ساڵح، باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات، وەزارەتەکە دەڵێت: “زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە. سەبارەت بە داهاتی کارەبا و مانگانە کە بە 90 ملیار دیاری دەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان.”
لە کۆتایدا وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکومەتی هەرێم نەبووە ، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیک ترن.