ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ: تۆ شێتیت من نەبوومایە لە زیندان دەبوویت

ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی لە زاری 2 بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توند و پڕ لە گرژیدا ترەمپ، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی سەر بەیروتی لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026 ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و پێی گوتووە؛ “تۆ بەتەواوی شێت بوویت، ئەگەر من نەبوومایە ئێستا لە زیندان دەبوویت، من ڕزگارم کردیت، ئێستا بەهۆی کارەکانتەوە هەمووان ڕقیان لە تۆ و ئیسرائیلە”.

لای خۆیەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ بە نەتانیاهۆی گوتووە کە ئەگەر هەڕەشەکانی بۆ بۆردومانکردنی پایتەختی لوبنان جێبەجێ بکات، ئەوا ئیسرائیل زیاتر لە جیهاندا گۆشەگیر دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی تووڕەیی ترەمپ ئەوە بێت کە فراوانبوونی شەڕ لە لوبنان، هەڕەشەیە بۆ سەر تێکچوونی دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران.