پاراستنی قەوارەی هەرێم لە نێوان بەرپرسیارێتی مێژوویی و تاقیکردنەوەی نوێی حوکمڕانیدا

ڕەوشت موحەممەد

بارودۆخی ئێستای سیاسی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە وە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، تەنها پرسی دابەشکردنی چەند پۆستێک نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکە لە نێوان پاراستنی پێگەی دەستووری هەرێمی و مەرجی سیاسی لایەنەکان. مێژووی ئەم نیشتمانە سەلماندوویەتی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بە ڕووبارێک لە خوێن و قوربانیدان هاتووەتە بەرهەم، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەوارەیە پێویستی بە دیدگایەکی نیشتمانیی بەرپرس هەیە، نەک دروستکردنی بەرە و ئینتیفاقی کاتی.

خەباتی ڕزگاریخوازی و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی:
لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات، قوربانیدان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان و کۆدەنگی گەلی کوردستانە. لە دوای ڕاپەڕینی مەزنی ١٩٩١ و دامەزراندنی یەکەمین کابینەی حکومەتەوە، پاراستنی ئەم قەوارەیە هەمیشە بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی سیاسی و پاراستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان لە بەرانبەر مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا. پێداگری لەسەر بنەما نەگۆڕە دەستوورییەکان لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، درێژکراوەی ئەو خەمخۆرییە مێژووییەیە بۆ ڕێگریکردن لە لێکترازان، لاوازبوونی دامەزراوە شەرعییەکان و پاشەکشەی پێگەی هەرێم لە ناوچەکەدا.


مەرجی “نیوە بە نیوە” و مەترسی گەڕانەوە بۆ دواوە:
داواکارییەکانی ئەم دواییانە بۆ دابەشکردنی حکومەت بە شێوازی “نیوە بە نیوە” یان دروستکردنی هاوپەیمانێتی کتوپڕ لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ فشار دروستکردن، جۆرێکە لە پەکخستنی دامەزراوەکان. گەڕانەوە بۆ مۆدێلی “فیفتی بە فیفتی” کە پێشتر هەرێم تاقیکردەوە و باجەکەی دا، خزمەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە ناکات. پارتی لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە ناتوانێت بچێتە ژێر باری مەرجگەلێک کە بڕیاری سیاسی پەکبخەن و حوکمڕانی وەک کێکێکی حیزبی دابەش بکەن، چونکە حوکمڕانیی ڕاستەقینە پێویستی بە یەکدەنگی و یەکریزی سەرجەم لایەنەکان هەیە.

ئالنگارییە هەرێمییەکان و ئەرکی بەردەممان:
• باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لەم کاتەدا کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، کوردستان پێویستی بە سەرکردایەتییەکی تاقیکراوە، سەنگین و خاوەن پێگەی نێودەوڵەتی هەیە. پارتی وەک هێزێکی دێرین و خاوەن پەیوەندی ستراتیژی، دەتوانێت ئەم کەشتییە لەم گێژاوە ڕزگار بکات.

• پرسی بژێوی و پێگەی هەرێم لە بەغدا: داکۆکیکردن لە مافە داراییەکان و مووچەی هاوڵاتیان لە بەرانبەر بەغدادا، پێویستی بە پێگەیەکی بەهێز و یەکگرتوو هەیە، نەک حکومەتێکی لاواز کە پشککاری حیزبی بڕیارەکانی لاواز بکات.

دەرەنجام :
حیزبەکان کاتێک بەهایان هەیە کە خزمەتی نیشتمان بکەن، و مێژووش شاهیدی دڵسۆزی هەر لایەنێکە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە، پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەبێ مەرجی پێشوەختە و قورس. بەرژەوەندی باڵای کوردستان وا دەخوازێت کە ڕێگری لە هەر جۆرە لێکترازانێک بکرێت و دەرفەت بدرێت بەو هێزەی خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، تاوەکو لەگەڵ لایەنە خەمخۆرەکانی تردا کابینەیەکی بەهێز، یەکگرتوو و نیشتمانی پێکبهێنێت. چونکە کوردستان لە سەرووی هەمووانەوەیە و پاراستنی ئەرکێکی پیرۆزە.