کەسێک شەش ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت و دواتر خۆیشی دەکوژێت

پۆلیسی ئه‌مریكا ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە پیاوێک شەش ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026 به‌شی پۆلیسی “مەسكەتین” ڕایگەیاند: لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ناكۆكییه‌كی ناوخۆییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌فسه‌رانی پۆلیس دوای ئاگادارکردنەوە لە ڕووداوێکی ته‌قه‌كردن ، چوار كوژراویان له‌ناو ماڵێكدا دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاسه‌واری گوللـه‌ به‌جه‌سته‌یانه‌وه‌ بووه‌.

پۆلیسی ناوچەکە ئاشکرای کرد، ‌تۆمه‌تباره‌كه ناوی “ڕایان ویلیس مه‌كفارلاند”ەو ته‌مه‌نی 52 ساڵە، پێش گه‌یشتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌، به‌ڵام به‌ خێرایی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌.

لەلایەکی دیکەوە، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی “ئه‌نتۆنی كیس” له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند:  چه‌كداره‌كه‌ له‌ سه‌یرانگای كه‌ناری ڕووباره‌كی شاره‌كه‌ له‌ نزیك پردێكی پیاده‌ دۆزرایه‌وه‌، ‌كاتێک ئه‌فسه‌ره‌كان هه‌وڵی قسه‌كردنیان له‌گه‌ڵی ده‌دا، كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.

لە کاتی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکاندا، پۆلیس ته‌رمی دوو پیاوی دیكه‌ی دۆزیه‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌لایه‌ن ڕایان ویلیس مه‌كفارلانده‌وه‌ ته‌قه‌یان لێكرابێت، یه‌كێكیان له‌ ماڵێكی دراوسێ و ئه‌وی دیكه‌یان له‌ شوێنێكی بازرگانی.

بەگوتەی پۆلیس، سه‌رجه‌م قوربانییه‌كان ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی چه‌كداره‌كه‌ بوون و دوو لە کوژراوەکان منداڵبوون، ڕووداوەکە لە ئەنجامی کێشەیەکی خێزانی بووە.

شاری “مەسکەتین” ژماره‌ی دانیشتوانی نزیكه‌ی 24 هه‌زار كه‌سه‌ و نزیكه‌ی 250 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاری “دیسمۆینز” پایته‌ختی ویلایه‌تی “ئایۆوا” دووره‌.