ئەندامانی خێزانێکی خەڵکی بەغدا، لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگاردکردنی منداڵێکیان لە سەلاحەدین کەوتنە نێو ئاوە و لە ئەنجامدا حەوت کەس خنکان و گەڕان بەدوای یەکێک لە تەرمەکاندا بەردەوامە.
ڕۆژی هەینی 29ی ئایاری 2026 کاوە شێخانی، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین ڕایگەیاند: “تراجیدیاکە لەو ساتەدا دەستی پێکرد کە یەکێک لە منداڵەکانی ئەو خێزانە لە کاتی یاریکردندا دەکەوێتە ناو ڕووبارەکەوە، بەهۆی شڵەژان و سۆزی خێزانییەوە بۆ ڕزگارکردنی گیانی منداڵەکە، ئەندامانی دیکەی خانەوادەکە یەک لەدوای یەک خۆیان دەخەنە ناو ئاوەکەوە، بەڵام بەهۆی قووڵیی ئاوەکە، سەرجەمیان کە ژمارەیان حەوت کەس بووە، لەگەڵ منداڵەکەدا دەخنکێن.”
کاوە شێخانی، ئاماژەی بەوەش کرد، “دەستبەجێ پاش ڕووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس، فریاگوزاری و مەلەوانانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست. تا ئێستا تیمەکان توانیویانە تەرمی حەوت کەس لە قوربانییەکان لە ئاوەکە دەربهێنن، و پرۆسەی گەڕان لە ناوچەکەش بە چڕی بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی هەشتەمین قوربانیی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە.”
بەهۆی بەهێزیی تەوژمی ئاوەکە و بەرفراوانیی ڕووبارەکەوە تیمەکانی گەڕان ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە داوای هاوکاری و ناردنی بەلەم و تیمی زیاتر بکەن بۆ ناوچەکە.