لە سێ شوێنی جیاواز 5 کەس خنکان

 بەهۆی چەند ڕووداوێکی خنکان لە ئاودا، لە سێ ناوچەی جیاواز پێنج کەس گیانیان لەدەست دا. کە لە نێویان سێ منداڵ هەیە.

ڕۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026 بە گوێرەی زانیارییەکان، لە نزیک گوندی ‘سەحاج’ی ڕۆژئاوای مووسڵ، سێ منداڵ لە کاتی مەلەکردن لە گۆمێکی ئاودا خنکان، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ئەو خێزانە بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە.

هەر لە ڕووداوێکی دیکەی خنکاندا،  لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو، مێردمنداڵێک لە گوندی ‘واران’ی ناوچەی ‘داوێ’ لە کاتی گەشت و سەیراندا خنکا.

بە پێی زانیارییەکان، لە هەمان  سنوور و لە ڕووداوێکی دیکەدا، گەنجێکی دانیشتووی شارەدێی سلێمان بەگ کە بۆ گەشت چووبووە نزیک پردی عوسمانی لە شارۆچکەی داقوق، لە کاتی مەلەکردندا گیانی لەدەست دا.

ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خەڵکی بۆ مەلەکردن ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن.