پزیشکێک: لە ئەفریقا ژنان سەتڵ پڕ لە خوێن دەکەن و دەیدەن بە منداڵەکانیان

دکتۆرێک بە ناوی “زانا ئەحمەد نور” پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لە کاتی قوربانیکردنی ئاژەڵان لە ئەفریقا، چەند ژنێک دێن سەتڵ پڕ دەکەن لە خوێن و دەیبەن وشکی دەکەنەوە و لە چێشتی دەکەن، تا منداڵەکانیان لەو ڕێیەوە هەست بە تام و بۆنی گۆشت بکەن.

لە پۆستەکەی د.زانا هاتووە، “دەستەیەک لە پزیشکان دەچن بۆ ئەفریقا، لەوێ قوربانی دەکەن، لەو کاتەدا چەند ژنێک دێن سەتڵ پڕ دەکەن لە خوێنەکە و دەیبەن، کاتێک قوربانیکەرەکان دەپرسن ئەو خەڵکە ئەو خوێنەیان بۆ چییە، دەتەزن کە ئەو وەڵامە وەردەگرنەوە.”

د. زانا ئەحمەد نور، دەڵێت: “خەڵکەكە ئەو خوێنە دەبەن وشکی دەکەنەوە و لە چێشتی دەکەن، تا منداڵەکانیان لەو ڕێیەوە هەست بە تام و بۆنی گۆشت بکەن.”

ئەو دکتۆرە باس لەوەش دەکات، “زۆر کەس دەنووسێ و دەڵێت خێر کردن لێرە خێرترە و لێرەش فەقیر هەیە، هەموو ئەو قسانە ڕاستن، بەڵام کە بەراورد دەکرێت، دەبێت بزانرێت بەراورد کردنەکە لە نێوان دوو شتی جیاوازن، ئەو برسێتییەی لەم زەمان و مەکانەی ئێمەیە، زۆر جیاوازە لەوەی لە مەکانی تر، یان لای خۆمان لە زەمانی تر هەبووە.” 

لە كۆتاییدا ئاماژە بەوە دەكات، “ئەمە پێویستی بە فەتوا هەیە، من هی ئەوە نیم فەتوا بدەم، بەڵام دەبێت ئەوەی فەتوا دەدات بەراورد بکات لەنێوان ئەوەی ئایا بۆ گۆشتی قوربانی؛ کەسێکی خۆجێیی بۆ نموونە وەرزی جارێک گۆشت دەخوات لە پێشترە، یان کەسێک بۆ نموونە سی ساڵە تامی گۆشتی نەکردووە.”