توڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە کچەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێتەوە

 هاووڵاتییەکی عێراقی لە تورکیا دەستگیرکراوە کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی پیلان بۆ تیرۆرکردنی “ئیڤانکا ترەمپ”، کچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی.

ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026 ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست”ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، “موحەممەد باقر سەعد داود ساعدی”، سەرکردەی دەستگیرکراوی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی پلانی تیرۆرکردنی بۆ “ئیڤانکا ترەمپ”، کچی سەرۆکی ئەمریکا دانابوو وەک هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە. 

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو تۆمەتبارە عێراقییە لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە، نەخشە و زانیاریی وردی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی “ئیڤانکا ترەمپ” لە ویلایەتی فلۆریدا بڵاوکردووەتەوە و بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی؛ “ئێمە لە ئێستادا لە قۆناغی چاودێری و شیکاریداین، پێم وتیت، تۆڵەسەندنەوەمان تەنها لەسەر کات وەستاوە.”

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند:  ساعدی لە پشت چەندین هێرشەوە بووە بۆ سەر ئامانجە ئەمریکی و جووەکان، لەوانە سووتاندنی بانکی (نیویۆرک مێلۆن) لە ئەمستردام لە مانگی ئادار، چەقۆلێدانی دوو جوو لە لەندەن لە مانگی نیسان و تەقەکردن لە بینای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە (تۆرۆنتۆ) لە مانگی ئاداردا.

لە سەرەتای ساڵی 2020دا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا. لەو کاتەوە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن و بەرپرسانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.