هونەرمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا

هێزە ئەمنییەکان لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هونەرمەند ئەمیر سوبحانی یان دەستگیر کرد و بۆ زیندانی کرماشان گواستیانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026  ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی ئەمیر سوبحانی لە جوانڕۆ و بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیریان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەمیر سوبحانی بە بڕیاری دەستبەسەرکردنی 10 ڕۆژە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دێزڵئاباد) کراوە.

دەستگیرکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندی کوردیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە، پێشتریش ئەمیر سوبحانی چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستگیر کرابوو.