ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: مووچەی چوار مانگی فەوتاوی ژینگەپارێزانی ناو نەخۆشخانەکانی کەلار خەرجکرا، دوای زنجیرەیەک گردبوونەوەی ناڕەزایەتی، کێشە داراییەکانیان چارەسەر کرا و دەستیان بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19 ئایاری 2026 ئیدارەی گەرمیان بڵاویکردەوە، “دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، ژینگەپارێزانى ناو نەخۆشخانەکانى کەلار بەهۆى وەرنەگرتنى مووچەکانیان بۆ ماوەى چوار مانگ، هاتنە ئیدارەى گەرمیان و داواى خەرجکردنى مووچەکانیان کرد، ئێستا کێشەکەیان چارەسەر کرا.”
لە بڵاوکراوەکەی ئیدارەی گەرمیان، ئاماژەش بەوەکراوە، بەپێى ڕێکارە داراییەکان ئەو ژینگەپارێزانە موچەى مانگەکانى 1 تا 4ی 2026یان بۆخەرجکرا کە کۆى گشتى مووچەکانیان بۆ ئەو چوار مانگە 266 ملیۆن و 550 هەزار دینارە لەگەڵ ئەوەشدا ڕەزامەندى خەرجکردنى مووچەی مانگەکانى تریشیان دراوە.”
هاوکات دکتۆر حارس موحەممەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار گوتی: ” دوای وەرگرتنی مووچەکانیان ژینگەپارێزەکان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکان خزمەت دەکەن و ئەرکەکانی خۆیان ڕایی دەکەن.