لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنیدا لە بەغداد، دادگای رەسافە سزای لە سێدارەدانی بۆ “عەجاج” جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمان دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دەیان شایەتحاڵ و قوربانیی ئەنفالەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 دادگای باڵای تاوانەکان لە رەسافەی بەغدا ڕایگەیاند: “دادوەر بە فەرمی سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی دەرکرد.”
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کاتی دانیشتنەکەدا، عەجاج لەبەردەم دادوەردا نکوڵی لە هەموو ئەو تاوانانە کرد کە ئاراستەی کرابوون و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو ئەو کەسە نییە و عەجاج کەسێکی دیکەیە. بەڵام دادگا بۆ سەلماندنی ناسنامە و تاوانەکانی، ڤیدیۆی دانپێدانانەکانی و بەڵگەی تاوانەکانی خستە روو، سەرەڕای ئەوەش تاوانبارەکە هەر بەردەوام بووە لە نکوڵیکردن.
عەجاج بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 سزادراوە. دادگا لەنێو دانیشتنەکەدا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، کە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی و وتەی 26 شایەتحاڵی ڕزگاربووی ئەنفال بووە کە پێشتر گوتەکانیان پێشکەش کردبوو.
عەجاج وەک جەلادێکی دڵڕەق لە مێژووی کوردستان و ئەنفالدا ناوی دەهێنرێت، کە لە زیندانی “نوگرە سەلمان” سەرپەرشتی ئەشکەنجەدانی هەزاران ژن و منداڵ و بەساڵاچووی کوردی کردووە. دەرچوونی ئەم سزایە وەک بەدیهاتنی بەشێک لە دادپەروەری بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبینرێت.