لە پارێزگای کۆنیای تورکیا، تۆمەتبارێک کە سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ ماوەی دوو مانگ خۆی لە توالێتی مزگەوتێکدا شاردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 12ی ئایاری 2026 سەرچاوە هەواڵییەکان لە تورکیا ڕایانگەیاند: تیمێکی لێکۆڵینەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کۆنیا، بە مەبەستی دەستگیرکردنی (ئۆ. گ)ی تەمەن 29 ساڵ کە بە تاوانی دزیکردن سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد.
سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوەش کرد، تیمەکە چاودێریی ئەو شوێنانەی کرد کە ئەگەری هەبوو تۆمەتبارەکە خۆی لێ بشارێتەوە. کاتێک نەیتوانی دەستی پێی بگات، بازنەی گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر کرد.
هەروەها پۆلیس لە گەڕەکی “بۆسنە هەرسیک” تێبینیی ئەوەی کرد کە کەسێک لە توالێتی بەکارنەهاتووی مزگەوتێک دەمێنێتەوە و کەم دەچێتە دەرەوە. دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی، تیمەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر توالێتیەکە و (ئۆ. گ)یان دەستگیر کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو تۆمەتبارە بۆ ئەوەی دەستگیرنەکرێ، نزیکەی دوو مانگ بوو لەو توالێتەدا دەمایەوە و کەم دەچووە دەرەوە، لەکاتی پشکنینی تۆمەتبارەکەدا دەرکەوتووە چەقۆ، مقەست و ژمارەیەکی زۆر کلیلی پێیە و هەموو ئەو کەرەستانەش دەستیان بەسەردا گیرا.