تەواوی پارە گەیشت و لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.”

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئایاری 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کە سەرجەمی بڕەکەی(961,736,000,000 ) نۆ سەدو شەست و یەک ملیارو حەوت سەدو سی و شەش ملیۆن دینارە .”

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش کردووە، “هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی نیسان وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی ( 16,624,814,478 ) شانزە ملیارو شەش سەدو بیست و چوار ملیۆن و هەشت سەدو چواردە هەزارو چوار سەدو حەفتاو هەشت  دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.”

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوو خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.