دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی (ناسر بەکرزادە) و (مێحراب عەبدوڵازادە) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەم دوو زیندانییە ڕادەستی کەسوکاریان نەکراوەتەوە و شوێنی نێژرانیشیان نادیارە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026 ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند: “ناوەندە ئەمنییەکان لە ورمێ نەک هەر تەرمەکانیان ڕادەست نەکردووەتەوە، بەڵکو ڕێگرییان کردووە لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە مەراسیمێکی پرسە و سەرەخۆشی لە ناو شاردا. بنەماڵەی ئەو دوو لاوەیان ناچار کردووە تەنیا پرسەیەکی بچووک و بێدەنگ لە گوندەکانی خۆیاندا بەڕێوە ببەن.”
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناسر بەکرزادەیان گوتووە؛ تەرمەکەمان فڕێ داوە، بڕۆن خۆتان بیدۆزنەوە، بەرپرسانی زیندانیش ڕایانگەیاندووە هیچ تەرمێک ڕادەست ناکەنەوە.
ئەم دوو گەنجە لەسەر بنەمای دوو دۆسیەی جیاواز لەسێدارە دراون: ناسر بەکرزادە: بە تۆمەتی سیخوڕی سزاکەی بەسەردا درابوو. مێحراب عەبدوڵازادەش، بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستگیر کرابوو.