بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان هۆشدارییەکی توند بە هەر کەسێک دەدات کە قۆرغکاریی بکات و نرخ گران بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند: ” لەڕێگەی شەش لیژنەوە چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەین، هەر کەسێک قۆرغکاریی بکات و نرخ گران بکات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.”
بڵند ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، “سزای ماددی کە لە دەسەڵاتی ئێمەدایە لە 50 هەزار دینارەوە تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، ئەگەریش قورستر بێت ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دەکرێت و تاوەکو دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەڕوات، ئەگەریش سزاکەی گەورەتر بوو دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی دەکرێت و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار غەرامە دەکرێت. لە کاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە شوێنەکە دادەخرێت.”
لە کۆتاییشدا، بڵند ئەحمەد دەڵێت: “هەر شوێنێک داشکاندن بکات بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئاگاداردەکاتەوە، لیژنەیەک سەردانیان دەکات تاوەکو بزانین داشکاندنەکە ڕاستەقینەیە یان نا، ئەگەر ڕاست بوو دەستخۆشیی لێدەکرێت و بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.”
سەرەرای هۆشدارییە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێری، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی بۆنەکان، بە تایبەتی جەژن، فرۆشیاران و بازرگانان هەڵدەستن بە گرانگردنی نرخەکان لە بازار لە پێناو قازانجی زیاتر.