دادگای ڕەسافە لە شاری بەغدا، بڕیاری دا دانیشتنی دادگاییکردنی “عەجاج جابر شەفی”، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ئەنفال، بۆ ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دوا بخات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026 سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند: “عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تاوانانەدا کرد کە لە “نوگرەسەلمان” ئەنجامدراوە. هەر بۆیە دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ 14ی ئایاری 2026، تاکو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکەن.”
ئەم بڕیارەی دادگا لە کاتێکدا هات کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتبوونە بەردەم بینای دادگا، تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و داوای سزای دادپەروەرانە بکەن.
عەجاج جابر شەفی، یەکێک بووە لە ئەفسەرە پلە باڵاکانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ڕژێمی بەعس و بە یەکێک لە ئەنجامدەرانی سەرەکیی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988 دادەنرێت. هەروەها فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە زیندانی نوگرەسەلمان، بەوە ناسراوە کە شێوازی قێزەونی ئەشکەنجەدانی بەکارهێناوە، لەوانە هێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمای بەهێزی بیابانەکانی سەماوە.