نێچیرڤان بارزانی: زەیدی جەختی لە چارەسەرکردنی مووچە کردەوە

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی خەڵکی کوردستانی پێداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایاری 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “عەلی زەیدی، پێی گوتم؛ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو شوێنەکانی عێراق مافی خۆیانە، ئەوەی من بتوانم بیکەم لەم پرسەدا، بە دڵنیاییەوە دەیکەم، چونکە مافی خۆیانە.”

نێچیرڤان بارزانی، لە بارەی کۆبوونەوەشی لەگەڵ موحەممەد حەلبووسی گوتی: “کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، ئەوەی گرنگ بوو ئەوەیە کە هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی، دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە. کۆبوونەوەیەکی هەتا بڵێی باش بوو لەگەڵ حەلبووسی. پشتیوان بە خودا ئەوە بەردەوام دەبێت.”

ماوەی دوو ڕۆژە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە و دوێنی لەگەڵ ژمارەیەک لایەن و بەرپرسی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە و ئەمڕۆ سێشەممە سەردانەکەی بە کۆتا دێت.