بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 100 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026 سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” لەو بڕە پارەیە، بڕی 12 ملیار و 607 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.”
سەروەر کەمال هاواری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە پارەیە وەجبەی پێنجەمی شایستە داراییەکانە کە بۆ جووتیاران خەرج دەکرێت.
ساڵی پار عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ئەمساڵ بڕەکەی کەمتر کردووەتەوە بۆ 292 تۆن.