ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی دوو گەنجی کوردی لەسێدارە دا

بەیانی ئەمڕۆ دوو گەنجی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دران.

ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 ئاژانسی فارسی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، “سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو هاووڵاتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرا.”

لە بڵاوکراوەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە، “یەکێک لە لەسێدارەدراوەکان گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە بە ناوی “ناسر بەکرزادە” کە خەڵکی شاری ورمێیە و پێشتر لە نامەیەکدا بانگەوازی بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردبوو  ڕێگری لە جێبەجێکردنی سزاکەی بکەن.”

ئاژانسی فارس دەشڵێت: “لەگەڵ ناسردا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی “یەعقوب کەریمپوور” کە دەرچووی بەشی یاسا و خەڵکی شاری میاندواوە، لە هەمان کاتدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.”

ئەم لەسێدارەدانانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنە لە پرۆسەی دادگاییکردنە ئەمنییەکان لە ئێران دەگرن و داوای شەفافیەت و دابینکردنی مافی بەرگریی دادپەروەرانە بۆ تۆمەتباران دەکەن.