سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە “ئەبوزەبی” لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند: “بە دیداری برام خاوەنشکۆ شێخ موحەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئەبوزەبی خۆشحاڵ بووم.”
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە باسیان لە دۆخی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات کردووە. هەروەها هەردوولا بیروڕایان لەبارەی لێکەوتەکانی پەرەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە گۆڕیوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و شێخ موحەممەد بن زاید جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان کردووەتەوە، بە ئامانجی چەسپاندنی زیاتری سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی ناوچەکەدا.
ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی.