گرووپی ‘سەرایا ئەولیا دەم’، سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت: ئامادەیی تەواویان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026 ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی سەربازیی سەرایا ئەولیا دەم ڕایگەیاند: “ئامادەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانین، پێشتر زیاتر لە 200 هێرشمان کردووە، بەڵام ئەمجارە پێگەکانی دوژمن بە کاریگەرییەکی قورستر و چڕتر لە جاران دەکەینە ئامانج.”
ئەبو مەهدی جەعفەری گوتیشی: “خۆمان بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە. بۆ یەکەمجار چەندین جۆری چەکی پێشکەوتوو دەخەینە خزمەتەوە.”
گوتەبێژە سەربازییەکە پەیمانێکیش دەدات و دەڵێت: ” بەڵێن بێت تۆڵەی خوێنی ڕژاوی عەلی خامنەیی و هەموو شەهیدەکان دەکەینەوە. تامی تاڵی شکست بە دوژمن دەچێژن، تاوەکو هەموو هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە و خاکی وڵات پاشەکشە دەکەن.”
ترسی هەڵگیرسانەوەی جەنگ زیادی کردووە. دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئاگربەست درێژ ناکاتەوە وەک خۆی دەڵێت: ‘ئەگەر ئێران پابەند نەبێت هەرخۆم دەزانم چی دەکەم.’