بڕیارە لەم هەفتەیەوە پرۆسەی دابەشکردنی بوتڵی دووەمی غازی ماڵان لە شاری هەولێر کارا بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک دابەشکردنی بوتڵی یەکەم بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی نیسانی 2026 شوان مەعروف، نوێنەری غازفرۆشان لە هەولێر ڕایگەیاند: “بەپێی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە، لەم هەفتەیەدا بڕی غازی ماڵان زیاد دەکات و دابەشکردنی بوتڵی دووەم دەست پێ دەکات، کە ئێستا لە ناحیەکان پرۆسەکە دەستی پێکردووە.”
شوان مەعروف گوتیشی: “پێدانی بوتڵی یەکەم بە تەواوی هاووڵاتییان گەیشتووە و لە ئێستادا بریکارەکان دەگەڕێن و کەس نەماوە بوتڵی یەکەمی پڕ نەکردبێت، بۆیە ئێستا ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی بوتڵی دووەم دەکەین.”
نوێنەری غازفرۆشان ئاماژەی بەوەش کرد، “بڕیار دراوە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ شارەکان بگەڕێتەوە دۆخی پێشوو و ڕۆژانە نزیکەی 250 تۆن غاز بۆ هەر شارێک بنێردرێت.”
جێگەی باسە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز کەم بووەوە و نرخەکەی لە بازاڕەکاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردبوو.