وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی بوونی لینک و ماڵپەڕی ساختە کە بە ناوی دامەزراندنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.
ڕۆژی شەممە 18ی نیسانی 2026 عەباس بەهادلی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: “وەزارەتەکەمان هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کە مامەڵە لەگەڵ هیچ ڕیکلام و هەواڵێکی دامەزراندن نەکەن کە لێرە و لەوێ بڵاودەکرێنەوە.”
عباس بەهادلی گوتیشی: ” ئەو لینکانە وەهمی و پڕن لە ڤایرۆس، تەنها بە چوونە ناو لینکەکان، ئەکاونتی کەسەکە هاك دەکرێت و دواتر بۆ مەبەستی وەرگرتنی پارە و گێچەڵی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێنەوە.”
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، “کە هەموو ریکلام و ڕێنماییەکان تایبەت بە دامەزراندن لە وەزارەتی ناوخۆ، تەنها و تەنها لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (عەین ئەلعێراق – عین العراق) بڵاودەکرێنەوە و هیچ سەرچاوەیەکی تری فەرمییان نییە.”