ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەمین ڕۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ شەممە 18ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: ” لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کران.”
هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و پرسی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “وهزیری بهرگریی تورکیا ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە نهبووهته بهشێک له شهڕ و ئاڵۆزییهکانی ناوچهکه.”
دوایەمین کەس کە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵیدا کۆبوویەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “گفتوگۆیەکی جدییمان کرد سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بیروڕامان گۆڕییەوە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. دووپاتمان کردەوە کە هەردوولا پابەندین بە پێشخستنی سەقامگیریی ناوچەکە، گەشەسەندن و ئاسایشی هاوبەش.”
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ساڵانە بە بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، کەسانی ئەکادیمی و بیرمەند لە ئاستی نێودەوڵەتی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیادا بەڕێوەدەچێت. ئەم ساڵیش نێچیرڤان بارزانی یەکێک لە بانگهێشتکراوان بوو و ڕۆژی هەینی 2026-4-17 کە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە بوو، لە ئەنتاڵیا ئامادەبوو.