مەزڵووم عەبدی ڕازی نەبووە ببێتە جێگری ئەحمەد شەرع

سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشنیازێکی حکومەتی دیمەشقیان بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێکی باڵا ڕەتکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 18ی نیسانی 2026 ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: “ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پێشنیازێکی نوێی بۆ مەزڵووم عەبدی کردووە تاوەکو ببێتە یەکێک لە جێگرەکانی، بەڵام فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕەتی کردووەتەوە. هەروەها ئیلهام ئەحمەدیش ڕەتیکردووەتەوە پۆستی ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە وەربگرێت.”

لە ڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆر دا هاتووە، “هەرچەندە لەسەر پۆستە باڵاکان ڕێکنەکەوتوون، بەڵام هەماهەنگییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، کردنەوەی ڕێگاکان و دابەشکردنی داهاتی نەوت لەنێوان دیمەشق و کورد وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکەی کانوونی دووەم بەردەوامن.”

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرکردەکانی کورد نایانەوێت ببنە ئامرازێک بۆ جوانکردنی وێنەی دەسەڵات بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت. لە کاتێکدا هەسەدە بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستداوە.