ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەژداری لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ساڵانەی ئەنتاڵیا کرد، لە میانەی کۆڕبەندەکەدا، چاوی بە چەندین سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان کەوت، کە لە نێویان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بوو.
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا کۆبووەوە، سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێت: “پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و ڕەوشی کوردیان لەو وڵاتە تاوتوێ کرد.”
هەر ئەمڕۆ لە ئەنتاڵیا، سەرۆکی هەرێم چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا کەوت، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم؛ “لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ سووریا بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ تاوتوێ کران. لای خۆیەوە ئەحمەد شەرع سوپاسی هەوڵەکان و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ پەرۆشی و هاوکارییان لە چارەسەرکردنی کێشەکان.”
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەر یەک لە سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و هامیش فالکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە هەروەها لوئیجی دی مایۆ، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری کەنداو کۆبووەوە.
دیدار و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوامییان هەبوو، یەکێک لە دیدارەکان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بوو. ئاژانسی هەواڵیی دەوڵەتی تورکیا (ئەنادۆڵ) ڤیدیۆی دیدارەکەی بڵاوکردەوە، کە پێکەوە سڵاوێکی گەرم لە یەکدی دەکەن، تەوقە دەکەن و دواتریش پێکەوە قسە دەکەن.
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەکۆیەکی سیاسی ساڵانەیە و وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ تاووتوێکردنی کێشە جیۆپۆلیتکییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ ملمانێکان هەژمار دەکرێت. ساڵانەش کەسایەتییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان لەم دیدارەدا بەشداریی دەکەن. بۆ ئەم ساڵیش نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگێشتی فەرمی بەشداربوو لە کۆڕبەندەکە.