یاسای کۆن گەڕایەوە و گەنجان بە زۆرەملێ دەکرێنە سەرباز

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای کۆمەڵێک ڕاوێژ و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان، ئەندامانی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکانی وڵات بڕیاریدا  پێشنیاز بۆ گەڕانەوەی یاسای  سەربازی زۆرەملێ بکەن و بیکەنە یاسا.

ڕۆژی چوارشەممە 16ی نیسانی 2026 نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان سەردانی وەزارەتی بەرگریی کردووە و لەگەڵ فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەتەوە.”

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان دا هاتووە؛ “هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵات پێشنیازی یاسای ‘سەربازی زۆرەملێ’ لە عێراق دەکات، ئەو پێی وایە کە ئەمە پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتییە، بژاردەیەکی ستراتیژیە بۆ بونیادنانی بنکەیەکی مرۆیی کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەبێت.”

هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارەی دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هاتووە، تاوەکو لە ڕێڕەوێکی یاساییدا تێپەڕێنرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا بکات.

لە دوای ساڵی 2003، سوپای عێراق سیستەمی خۆبەخشی سەربازی جێبەجێ دەکات و سەربازی ناچاری نەماوە، هەرچەندە پێشتر چەندین جار هەوڵ بۆ گەڕانەوەی دراوە، بەڵام بەهۆی هۆکاری دارایی، مەشق و ڕاهێنان و نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان یاساکە جێبەجێنەکراوە.