بەشێکی مووچەخۆران دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن

زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی خانەنشین 14 مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و هەزارانی دیکە چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەگوێرەی قسەکانی بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە بێت؛ ناوی بەشێکیان گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆ دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “پێشمەرگەی خانەنشین جگە لەوانەی 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ژمارەیەکی دیکەی زۆر هەن هەشت مانگ تاوەکو سێ مانگیشیان تێدایە کە مووچەیان وەرنەگرتووە.”

بەرپرسەکەی خانەنشینان گوتیشی: “ئەو خانەنشینانەی چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ ناویان گەڕاوەتەوە و دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن.”

سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو دەڵێت: “پێشتر کە خانەنشین بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکەی چەند مووچەیەکی وەرنەدەگرت، کە ناوی بۆ لیستی مووچە زیاد دەکرا هەموو مووچەکانی پێکەوە وەردەگرت، ئێستا ئەوە نەماوە و تەنیا مووچەی دوو مانگیان پێکەوە بۆ هاتووە.”

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 330 هەزار خانەنشین هەن، نزیکەی نیوەیان خانەنشینی شارستانی و ئەوانی دیکە خانەنشینی سەربازین.