نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکردووە، عەلی زەیدی ڕێنماییداوە بە دابینکردنی گاز بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو کە 400 دینارە بۆ هەر لیترێک بە درێژایی مانگی ئەیلوول.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنماییدا بە دابینکردنی گاز بە نرخی پاڵپشتیکراوی 400 دینار بۆ هەر لیترێک.
خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیاریکردنی نرخی 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە لەگەڵ تێچووی بەرهەمهێناندا ناگونجێت، چونکە تەرخانکردنی 30 لیتر گاز بۆ هەر کەی ڤی ئەیەک بەشی کاتژمێرەکانی کارکردن ناکات و نرخی 1,000 لیتر گاز لە بازاڕی ئازاددا بۆ زیاتر لە 1 ملیۆن و 300 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمەتەکانی خاوەن مۆلیدەکان ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا سەدان ملیۆن لیتر گازوایلی بەخۆڕایی بەسەر مۆلیدەکاندا دابەش کردووە، بەڵام لەنێوان ڕەتکردنەوەکانی وەزارەت و مانگرتنی خاوەن مۆلیدەکاندا، دانیشتووانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق شەوێکی گەرم و تاریکیان بەڕێکرد.
مۆلیدە ئەهلییەکان لە عێراقدا وەکو هاوکارێکی سەرەکی بۆ پڕکردنەوەی کەمی و بچڕانی کارەبای نیشتمانی کاردەکەن و لە تەواوی عێراقدا نزیکەی 49 هەزار مۆلیدە هەن.