لە قەزای مەندەلی سەر بەپارێزگای دیالە هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی 27 هەزار دۆلاری ئەمریکی ساختەی پێ بووە و دەیویست لە بازاڕەکاندا ساغی بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026 لیوا موحەممەد کازم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە ڕایگەیاند: “دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و چاودێریکردنی جووڵەی تۆمەتبارێک، هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان و هەواڵگریی دیالە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری قەزای مەندەلی، توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە بڕی 27 هەزار دۆلاری ئەمریکی ساختەی پێ بووە.”
بە گوتەى لیوا موحەممەد، تومەتبار ویستوویەتى دۆلارە ساختەکان لە بازاڕدا ساغ بکاتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە ڕوونیشى کردەوە کە تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، ڕێکارى یاسایى بەرانبەر گیراوەتەبەر و دۆسیەکەشی ڕادەستی بەشی نەهێشتنی تاوانەکان دەکرێت.