ئەمڕۆ داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 25 کەسایەتیی ناوداری تورکیا دەرکرد کە تێیدا ناوی چەندین ئەکتەر و گۆرانیبێژی ناسراوی تێدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026 میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا ڕایانگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چەندین هەڵمەت لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە کە تێیدا ژمارەیەک کەسی ناسراو و هونەرمەند دەستبەسەر کراون.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە کاتی پشکنینی شوێنی مانەوەی تۆمەتباراندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرتووە. کە هەوڵدراوە بە ڕێگای دەریاییەوە بخرێتە ناو وڵات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، “سێرێنای ساریکایا” کە یەکێکە لەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە دەرەوەی وڵات بووە.
دەستگیرکردنی ئەم هونەرمەندانە لە کاتێکدایە، کە تورکیا هەڵمەتێکی توندی دژی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن کەسایەتییە ناودارەکان دەست پێ کردووە و تاوەکو ئێستا چەندین هونەرمەند بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.