شۆفێرێکی سەرخۆش خۆی بە کاروانێکدا کێشا و 21 کەسی کردە قوربانی

لە ئەنجامی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە پارێزگای بەسرە، 21 زیارەتکاری ئێرانی بوونە قوربانی. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە سەرخۆشی شۆفێریی کردووە و خۆی بە کۆمەڵێک زیارەتکاردا کێشاوە کە بەپێ بەرەو کەربەلا بەڕێوەبوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بەسرە ڕایگەیاند: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکان بووە و کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، هەربۆیە دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و بۆ پشکنینی پزیشکی و گرنتنەبەری ڕێکاری یاسایی گواستراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە.

لەلایەکی دیکەوە ماهر عامری، جێگری بەڕێوەبەری پارێزگای بەسڕە ڕایگەیاند: “تاوەکو ئێستا 9 زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە و 12ی دیکەش برینداربوون، 7 لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان بەجێهێشت.”

جێگری پارێزگای بەسڕە ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆربەی زیارەتکاران خەڵکی عێراقن و بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەڕاسیمی ئایینی بەرەو کەربەلا بەڕێوە بوون.”

ساڵانە ملیۆنان زیارەتکاری شیعە لە سەرانسەری جیهانەوە، بەتایبەت لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن دێنە کەربەلا و نەجەف.