بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لەسەر ڕێگای سەرەکی ناسڕییە – بەسڕە، 21 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، لە ڕووداوەکەدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 19ی دیکەش برینداربوون. زیارەتکارەکان خەڵکی بەسڕەبوون و بۆ زیارەت چوونەتە کەربەلا، لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا لە ناسڕییەی پارێزگای زیقار و بەر لەوەی بچنەسەر ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی بەسڕە، پاسەکەیان وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە سەرنشینانی پاسەکە، زیارەتکاری بە ڕەگەز ئێرانین، هاوکات وەزیری تەندروستیی سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا تەندروستییەكانی ڕاسپاردووە چاودێری دۆخی تەندروستی بریندارەكان بكەن.
سەرەتا وا بڵاوكرابووەوە كە لەئەنجامی ڕووداوەكە 25 كەس گیانیان لەدەستداوە ، ئاماژە بەوەشدرابوو كە تەواوی قوربانییەكانی ڕووداوەكە خەڵكی پارێزگەی بەسڕەن.