نرخی بوتڵێک غاز لە عێراق گەیشتە 20 هەزار دینار

ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاند: “لای هەندێک بریکاری دابەشکردنی غاز نرخی یەک بوتڵ گەیشتووەتە 20 هەزار دینار.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026 عەبدولساحێب بەزون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ” ڕۆژانە پێنج هەزار تۆن غاز بەرهەم دەهێنرێت کە هاوتای ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆییە. گرفتەکە تەنیا پەیوەندی بە دابەشکردن و هەڵسوکەوتی ناڕێکی هەندێک بازرگان و بریکارانی دابەشکردنی غازەوە هەیە.”

لە لایەکی دیکەوە،  عەلی خەلیل عامری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت: “بەهۆی پەککەوتنی هەندێک کارگە گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر وێستگەکان. ئێستا هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی بوتڵێک غاز چەندین کاتژمێر چاوەڕێ دەکەن و نرخەکەشی لای هەندێک بریکاری دابەشکردنی غاز گەیشتووەتە 20 هەزار دینار.”

داخرانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی غاز لە کێڵگەکاندا دروست کردووە.