دەسەڵاتدارانی داوەریی ئێران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری سەقزدا جێبەجێ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو ماوەی 18 ساڵی لە بەندینخانە بەڕێکردبوو.
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 1ی تەممووزی 2026، سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “شۆڕش ستارزادە” لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ کراوە.
شۆڕش ستارزادە، کە دانیشتووی گوندی “چاپان عولیا”ی سەر بە ناوچەی زێوێی قەزای سەقز بووە، لە ساڵی 2008ەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لە شاری سەقز دەستگیر کرابوو.
ناوبراو دوای دەستگیرکردنی، لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی 18 ساڵ لە بەندیخانە هێڵدرایەوە.
هەتاوەکو ئێستا میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران و سەرچاوەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردەیان بە فەرمی ڕانەگەیاندووە و بڵاو نەکردووەتەوە.