بەهۆی جەنگەوە 18 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ گیانیان لەدەستدا

سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران ئاماری گیان لەدەستدان و بریندارانی مەدەنیی جەنگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “لە سەرەتای جەنگەوە 258 ئافرەت کوژراون و زیاتر لە چوار هەزاری دیکەش بریندار بوون. هەروەها لەو ماوەیەدا 221 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ و 18 منداڵی خوار پێنج ساڵیش کوژراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 جەعفەر میعادفەر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند: “لە سەرەتای جەنگەوە لانیکەم دوو هەزار و 115 هاووڵاتیی خوار تەمەن 18 ساڵ برینداربوون کە 124یان تەمەنیان لە پێنج ساڵ کەمترە.”

جەعفەر میعادفەر گوتیشی: “کەرتی تەندروستیش بێبەش نەبووە لە زیانەکان و 26 کارمەندی پزیشکی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا کوژراون و 118ی دیکەش تووشی ڕووداوی جیاواز بوون.”

بەپێی ئامارەکان، زۆرترین قوربانی لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان، لوڕستان، ئەسفەهان، کرماشان و ئیلام تۆمارکراون و تا دێت ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارانی ئەو جەنگە لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەرز دەبێتەوە.