ئەو تۆمەتبارەی لە هەڵەبجە 2 کەسی کوشت دەستگیرکرا

دوای ئەوە ڕۆژی سێشەممە ماتۆڕسوارێک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەڵەبجە، بە دەستڕێژی گوللە دوو هاووڵاتی کوشت و یەکێکی دیکەی بریندار کرد دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئابی 2025 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، “ پاش ئەوەی لە ڕێکەوتی 2025-08-05 کاتژمێر 3:00 بەرەبەیان کەسێک کە بە سواری ماتۆڕسکیل و کڵاوی لەسەردابوە، لەگەڕەکی فەرمانبەران تەقە لە سێ گەنج دەکات و لە ئەنجامدا دوو گەنجیان گیان لەدەست دەدەن و یەکێکی دیکەیان بریندار دەبێت. دەست بەجێ لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستی پێ کرد، پاش هەڵگرتنەوەی کامێرای چاودێری شوێنی ڕووداوەکە و وەرگرتنی ووتەی شاهیدی ڕووداو توانرا بکوژی ڕووداوەکە دیاری بکرێت.”

پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەشی ڕاگەیاند، “ مەفرەزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەدواداچونیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار کرد و سەرئەنجام تۆمەتبار بە ناوی  (ش . ف . ع) لەدایکبووی ساڵی   2003 و دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە خۆی ڕادەستی هێزەکانمان کرد و لەبەرردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەی نا.”