نزیک کاتژمێر 8:30ی ئەمشەو هەواڵی کوژرانی سێ کەس لە بەنزینخانەیەکی ڕێگای کۆیە لە شاری هەولێر بڵاوبوویەوە.
ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر، چۆمان هیوا لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک بە ڤیدیۆ باس لە ڕووداوکە دەکات و دەڵێت؛ هۆکاری کوشتنی دوو کەسیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە بەنزینخانەیەکی شاری هەولێر بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەیان دەکەن و پارەی بەنزینەکە نادەن، بەم هۆیەوە کارمەندی سەر بەنزینخانەکە تەقە لە دوو کەسەکە دەکات و هەردووکیان دەکوژێت.
چیڕۆکەکە لەسەر زاری چۆمان هیوا بەوشێوەیە بووە؛ نزیک کاتژمێر 8:30ی ئەمشەو، دوو کەس بۆ تێکردنی بەنزین لە بەنزینخانی “شێر”ی سەر ڕێگای کۆیە لا دەدەن، دوای تێکردنی 40 بۆ 50 لیتر بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەیان، ئاماددە نین پارەی بەنزینخانەکە بدەن و دەبێتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ کارمەندی بەنزینخانەکە. دوای دەمەقاڵێکە کارمەندی بەنزینخانەکە، پەنا دەباتە بەر چەکی پاسەوانی بەنزینخانەکەو دەستڕێژی گوللە لە هەردووکیان دەکات و دەیانکوژێت.
بەپێی زانیارییەکانی چۆمان هیوا؛ لەو کاتەدا کەسێکی تر بە پێش بەنزینخانەکەدا دەڕووات و گوللەیەکیش بەر ئەو دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات، واتا کەسی سێیەم هیچ ئاگادارییکی لە ڕووداوەکە نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە داڵ میدیا زانیویەتی، هۆکاری کوشتنی ئەم دوو کەسە بەهۆی ئەوە بووە؛ چەند لیترێک بەنزین لە کاتی تێکردنی بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکە ڕژاوە و پاشان دوو کەسەکە ئاماددە نەبوون پارەی بەنزینە ڕژاوەکە بدەن و بەم هۆیەوە لەلایەن کارمەندی بەنزینخانەکە تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.
داڵ میدیا زانیویەتی؛ ئەو دوو کەسەی کوژراون، ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا لاندگرۆزەریان پێ بووە، دەوترێت بە عەرەبی قسەیان کردووە، گومان هەیە کە عەرەب بووبن و هەردووکیان گەنج بوون، هەروەها کەسی سێیەم کرێکار بووە لەسەر جادەکە ڕۆشتووە و گوللەی بەرکەوتووە. هەوروەها بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکە تەمەنی 20 ساڵە.