بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوار کەس کە هەموویان تەمەنیان بچووکە، لەکاتی مەلەکردن لە ڕووباری خازری سنووری قەزای بەردەڕەش لەکاتی مەلەکردن خنکان.
بە گوتەی بڕوا فاروق، قایمقامی قەزای بەردەڕەش؛ ئەو چوار کەسە بۆ مەبەستی سەیرانکردن چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، هەر چواریان بەیەکەوە خنکان.
بڕوا فارۆق ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو چوار گەنجە دانیشتووی بەردەڕەشی بچووکن و دوو کەسیان برای یەکترین.
چیڕۆکی ڕووداوەکە، بە گوێرەی قسەی قایمقامی قەزای بەردەڕەش بەو جۆرە بووە، “سەرەتا یەکێک لە گەنجەکان لەکاتی مەلەکردن خنکاوە و ئەوانی دیکە هەوڵیان داوە دەریبهێنن، بەڵام هەموویان بەدوای یەکدا خنکاون.”
داڵ میدیا ناسنامەی ئەو گەنجانە ئاشکرا دەکات، بە ناوەکانی، (محەممەد کەمال مستەفا، لەدایکبووی 2008 – بیلال کەمال مستەفا، لەدایکبووی 2007 – مەحموود جەمال عەبدولواحید، لەدایکبووی 2004 – ئوسامە محەممەد عەزیز؛ لەدایکبووی 2003 ).