سەردار هەرکی
سۆشیاڵ میدیا بووەتە ئامرازێكی سەرەكی لە ژیانی هاوچەرخدا، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر سیاسەت و كۆمەڵگا و ئابووری هەیە. ئەم پلاتفۆرمانە بەشدارییان كردووە لە كەمكردنەوەی هەژموونی دەسەڵاتدارەكان بەسەر میدیادا. گوتار تەنها لە كەناڵە فەرمییەكان قەتیس نەماوە؛ بەڵكو ئێستا هەر تاكێك كەنالێكی تایبەت بە خۆی هەیە كە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت هەرچییەكی بیەوێت بڵاوی بكات.
ئەم گۆڕانكارییە سانسۆركردنی زۆر قورستر كردووە و توانای دەسەڵاتی بۆ بێدەنگكردنی تاكەكان وەك لە ڕابردوودا كەمکردووەتەوە. بەڵام بە هەمان شێوە دەرگاشی بۆ بەكارهێنانی زۆر لایەنی نەرێنیشی کردووەتەوە، چونكە هەندێك كەس ئەم پلاتفۆرمانە بەكاردێنێن بۆ سوكایەتیكردن بە كەسانی تر و پێشێلكردنی تایبەتمەندییەكان و ئازادیەكانیان و بڵاوكردنەوەی ڕق و درۆ.
لەم چوارچێوەیەدا لێدوانەكەی بیرمەندی ئیتاڵی ئومبێرتۆ ئیكۆ بەبیرم دێنێتەوە كە دەلێت: “سۆشیال میدیا مافی قسەكردنی دا بە رەتلەك لە گەمژەكان كە پێشتر تەنها دوای پەرداخێك شەراب لە باڕەكاندا قسەیان دەكرد، بەبێ ئەوەی هیچ زیان بە كۆمەڵگا بگەیەنن… ئێستا، ئەوان هەمان مافی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵان هەیە لە قسە كردن .”
ئەم ناكۆکییە تەحەدایەكی گەورەیە بو ئەم سەردەمە, چۆنێتی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ئازادی ڕادەربڕین و پێویستیی ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی كەسانی دی. سەپاندنی سانسۆر و چاودێری زیاتر چارەسەر نییە، بەڵكو چارەسەر لە بڵاوكردنەوەی كەلتووری بەرپرسیارێتی و جێگیركردنی ئەخلاقی گفتوگۆكردنە و ئەمەش كاتی دەوێت.