بەپێی سەرچاوەی جیهانیی مایۆکلینیک، ئەو کەسانەی لە شەودا بە ئاوی شلەتێن خۆیان دەشۆن، زیاتر خەویان خۆشتر دەبێت.
مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت: خۆشووشتن بۆ ئەوانەی هەوکردنیان هەیە باشترە بە ئاوی شلەتێن بێت، تاوەکو جەستەیان هاوکاربێت لە بەرهەڵستیکردنی هەوکردنەکە، بەڵام بەکارهێنانی ئاوی سارد وادەکات بەرگریی جەستە لاواز بێت و کەسەکە درەنگ لە هەوکردنەکە چاک ببێتەوە.
بەپێی دامەزراوەی پزیشکانی پێست لە بەریتانیا، شووشتنی قژ بە ئاوی شلەتێن کە گەرمییەکەی لەنێوان 30 بۆ 35 پلەی سیلیزیدا بێت، رێگری دەکات لە لەدەستدانی شێداریی پێستی سەر و چەورییە سوودبەخشەکەی سەلکی مووەکان دەپارێزێت، بەڵام ئاوی سارد پێستی سەر وشک دەکات.
مایۆکلینیک لەبارەی سەرئێشەوە بەکارهێنانی ئاوی گەرم پێشنیاز دەکات، ”گرژبوونی ماسوولکەکان کەم دەکاتەوە و سووڕی خوێنیش چالاک دەکات.”
د. کارل تۆرنفێڵد، پسپۆڕی پێست لە ئەمریکا دەڵێت: زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم پێست وشک دەکات و شێدارییەکەی ناهێڵێت، بۆیە پێشنیاز دەکات، لەکاتی خۆشووشتندا سەرەتا ئاوەکە شلەتێن بێت، ئینجا بەرە بەرە پلەی گەرمیی ئاوەکە سارد بکرێت بۆ ئەوەی جەستە سوودی لێ ببینێت.