کەشناسێک: شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و بارانبارین بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، لە کۆتایی هەفتەدا شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و بارانبارین ڕوو لە ناوچەکەمان بکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند:  لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا، بەگشتی کەشی هەرێمی کوردستان بە جێگیری دەمێنێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە زۆربەی کات ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بوونی پەڵەهەور و پلەی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە.

ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەش کرد، لە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی کۆتایی ئەم هەفتەیە، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست و هاتنی بارستەهەوایەکی شێداری مەداری لە دەریای سوورەوە کە هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و بەرگەهەوا بەشێوەیەکی مامناوەند تا بەهێز، کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و بارانی بەخوڕ و هەندێک کاتیش بارینی تەرزە لە کات و شوێنی جیاوازدا.

ئەو کەشناسە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگشتی لەو شەپۆلەدا پێشبینیدەکرێت بڕێکی باش باران لە سەرجەم ناوچەکان ببارێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش کاریگەرییەکانی بەردەوامیی ببێت،  لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و هاتنی بارستەهەوایەکی سارد و دەستپێکردنی کەشێکی زستانە کە پێویست بە بەکارهێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکان بکات.