لاهوور شێخ جەنگی بە زیندانیکردن سزا درا

سزای زیندانیکردنی بۆ لاهوور شێخ جەنگی، پۆلادی برای و ژمارەیەک لە گیراوانی رووداوەکەی لالەزار دەرچوو. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2026  لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، پرۆسەی هەشتەمین دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 لە گیراوانی دیکەی لالەزار بەڕێوەچوو.

سزای زیندانیکردنەکە بۆ هەر یەکێکیان بەم شێوەیەیە: 

– لاهوور شێخ جەنگی: پێنج ساڵ و سێ مانگ.

– پۆڵاد شێخ جەنگی: سێ ساڵ و شەش مانگ.

– رێبوار حامید حاجی غالب: دوو ساڵ.

– رێبوار قودرەت:  سێ ساڵ و شەش مانگ.

– پێشەوا حەسەن: سێ ساڵ و شەش مانگ.

– رێنوار زریان:  سێ ساڵ و شەش مانگ.

– ئاراس حەمە عەلى سەربەست: یەک ساڵ و شەش مانگ.

دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و یەکلایبوونەوەی دۆسیەکانیان، بڕیاری ئازادکردنی بۆ هەریەک لە کەیوان و موحەممەد شێخ دەرکرد.

رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.

ئەم تۆمەتبارانە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی کراون، کە ماددەیەکە تایبەتە بە (رێککەوتنی گرووپێک یان چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە).