بافڵ تاڵەبانی پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانى بەشداریکردنى لە پانێڵێک لە دیدارى مێرى لە شارى هەولێر، پەیامێکى ئاڕاستەى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری لە شاری هەولێر ڕایگەیاند:  “کێشەکانی نێوان هەردوولا بچوکن و بە ئاسانی چارەسەر دەبن. هاوکات تاڵەبانی بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەشداربوونی لایەنە سەرەکییەکان گوتی “ئێمە نامانەوێت بەبێ ئێوە حکومەت پێکبهێنین.”

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە پارتی کرد بە نییەتێکی باش و پاکەوە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی: “دڵی یەکێتی بۆ دووبارە دانیشتن و لێکتێگەیشتن زۆر پاکە و ئامادەی هەنگاوی کردارین لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان.”

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی زۆر باش و ئەرێنی ئەنجامدراون لە نێویان کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، ناوچەکە بە گشتی لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن. چونکە بە گوتەی ئەو “دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان.”