فراکسیۆنی پارتی: دەنگ بە پڕۆژەیاسای 2027 نادەین

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەم شێوەیەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادات.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “فراکسیۆنی پارتی بەم شێوە داڕشتنەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 نادات. پڕۆژەکە کاریگەری خراپی نەوەک تەنیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی عێراق هەیە و قابیلی جێبەجێکردن نییە.”

دانەر عەبدولغەفار دەڵێت: “لە پڕۆژەکەدا چەندین کۆت و بەند ومەرج بۆ هەرێمی کوردستان دانراون بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ، کە بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناتوانێ جێبەجێیان بکات، لەوانە دیاریکردنی هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.”

بەگوتەی دانەر عەبدولغەفار، “پشکی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە، دوای لێدەرکردنی خەرجی سەروەری، پشکەکەی لە 6% کەمترە کە بە 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینار دیاری کراوە، لە کاتێکدایە لە یاسای بودجەی 2023دا پشکی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار بوو.”